Thursday 18 May 2023

تاڵە ژین مەودای مەرگ و ژیان یەک هەناسە

 


 

 

 

 

تاڵە ژین


مەودای مەرگ و ژیان تەنیا یەک هەناسە

 

برایم جەهانگیری


ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە ماڵە دۆستێک مابومەوە، چاوەڕێ بووم تا قاچاخچی بڵێ خۆت ساز کە تا وەڕێ کەوین. شەوانە تا درەنگ خەوم لێ نەدەکەوت، بیرم لەوە دەکردەوە و لۆمەی خۆم دەکرد، باشە ئەو هاوڕێیانەت بۆ بەجێ هێشت؟ کوا ئەوە پیاوەتی بوو؟ گەورەکان و ڕۆژنامەی کوردستان قەیدی ناکا دنیای منداڵانت بۆ بەجێ هێشت؟ لەمەو دوا لە کوێ نەقاشی و وێنە کێشانی منداڵە چاوگەشە پڕ لە هیواکانی قەڵا و وئازادی و زەوییە سپی و .... دەبینی؟ دەی کە دەتزانی ئەوە حاڵتە بۆ دەهاتیە کۆیە هەر یەکسەر ڕۆیشتبای!


شەڕێکی دەستەو یەخە لە دەروونم دا گەرم بوو،- نا وانیە ، ئەوەتا بەو هەمووە هیواو ئومێدەوە هاتوومە دەر، ژن ومنداڵ وژیان و مانم خستۆتە مەترسیەوە کەچی دەنێو شەڕێکی بێ ئامان وبێ ئاکامی نێوخۆیی کەوتووم، باند و باند بازی و دەستەو دەستە بەندی بڕشتی لە حیزب بڕیبووە، نیوەی بە خوێنی نیوەکەی دیکەی تینوو بوو! دەی ئەوە بە من ناکرێ! نانا ئەو شەڕە کاری من نەبوو! هەقم بوو بڕۆم، خۆ لە قەڵا و لە کۆبوونەوەی گشتی من ڕێک ئەو قسانەم کرد، بە بەرچاوی هەموانەوە کوتم :


-
خەڵک لە ناو خۆ هەویای پێتانە و دڵ و دەروونی لای ئێوەیە، گەنج و لاو و خوێندەوار و بازاڕی و کاسب و کارمەند، ژن وپیاو بە هەزاران هەزار چاویان بڕیوەتە ئێوە و ئێوەش ئەوە کارتانە! ئەوە ئاکارتانە! بەربوونە گیانی یەکتری لە سەر چی؟خۆ هەموو لە بیریانە لە کاتی قسەکردن لە داخان کوڵی گریانم دە ئەوکیێ مابوو!

نزیک ١٠- ١٥ ڕۆژ چاوەڕوانی و ١٠ -١٥ شەو شەڕی دەروونی خۆم چی پێوە نەهێشتبووم، بۆچوونی یەکەم هەق بوو یان هی دووهەم نازانم بەڵام دڵ خۆشی خۆم بەوەی دوایی دەدایەوە،! خۆم پێ قانع دەکرد، جار جارەش لە نیوە شەو دا وەخەبەر دەهاتم و دەمکوت بەهانەت هەبووە دەنا ئەتۆش وێڕای ئەو خەڵکەی! هیچ شەوێک بە ئاسوودەیی و بێ ئەو شەڕە دەروونییە خەوم لێنەدەکەوت!

 

سەروبەندی سەرما و سەخڵەتی پاییز بوو ڕۆژێک خانە خوێ کوتی سبەی وەڕێ دەکەون، من قسەم دەگەڵ قاچاخچیەکان کردبوو و کوتبووم کە من هەم تەمەنم لە سەرێیەو هەمیش دیسکی کەمەرم هەیە ناتوانم زۆر بەرێگا دابڕۆم،بەڵام بە خۆشییەوە وڵام ئەوە بوو هەر سێ -چوار سەعات بە پێ دەرۆین و باقی هەمووی یان وڵاخە و یان سەیارە.
سبەی تولحی بەیانی وەڕێ کەوتین، یەکەم قوناغمان دیانا بوو، لەوێ دابەزین و من کوتم دەچم لە بازاڕ هەندێ گۆرەوی و شت ومەک دەکرم، دەمزانی کوێستانەکان سارد و سەرمان و دەبوو خۆمی بۆ تەیار بکەم، ئەز قەزا چاوم بە بازاڕی تاناکۆڕا کەوت و یەکسەر خۆم پێدا کرد، دەستێکم جلی وەرزشی سەروخوار (تراکسوت- گەرم کن) کڕی، نێوی کورک بوو و دەرەوەی مشەمایەک کە باو سەرمای لێ رەت نەدەبوو.


هێندەی نەبرد بەرەو سنوور وەڕ کەوتین، رێگاکەمان بە ێنو پێگەیەکی حکوومەتی هەرێم یان پارتی دا تێدەپەڕی، دەبوو چووباین بۆ سپای بارزان ولەوێ خۆمان ناساندبا، گەیشتینە ئەو مەڵبەندە و چووینە دەفتەری سپاکە و ئەفسەرێک چەند پرسیاری لێکردین و دوایی کوتی ئێوەش کوردستانتان بەجێ هێشت، قەیناکا، خواتان لە گەڵ.


سپای بارزانمان کە بەجێ هێشت بەرەو سنووری باکوور و باشوور وەڕێ کەوتین، دەمەو بوولێڵی ئێوارە ئاسمان نێوچاوانی تێک نابوو، گەواڵە هەور لەبەر تەوژمی با خۆیان پێ ڕانەدەگیرا و پەنایان بۆ پەنا وپەسیوی لووتەکەکان دەبرد. ودەستەملانی لووتکە سەرکەشەکان دەبوون، با هەر وا ڕەوە هەوری ڕا دەدا و هاش و هووشی لەو کەژ وکێوانە دا هەڕەشە و گوڕەشەی سەرمای سەختی دەکرد.

 

ئێمە سێ کەس بووین، کورێکی گەنجم دەگەڵ بوو بە نێوی شوانە، یەکی دیکەشمان دەگەڵ بوو وابزانم تورک بوو، خەڵکی لای شاپوور و ئەو ناوە بوو، ( ئەگەر باشم لەبیر مابێ) کەسێکی ئەو ناوەشمان وەک بەڵەد کە دەگەڵ قاچاخچیەکان کاری دەکرد دەگەڵ بوو. دیارە هەر یەکەم ڕۆژ من شەرتم پەڕی و زیاتر لە ٤-٥ سەعات بە پێ ڕۆیشتم، کۆڵکیشم کتێب پێ بوو. ئیتر زانیم قاچاخچی درۆی دەگەڵمان کردووە. ئێوارە درەنگانێ گەیشتینیە گوندێکی سەر سنوور، شەو لەو گوندە ماینەوە.
سیمای خانە خوێی هەژاری گوند نشین بەڵام خودای میهرەبانی، سادەیی ودڵ گەورەیی گوندییەکانی خۆمان بیر دەخستمەە، ئەو خانەخوێیەش دەس بەجێ کوتی شێویان بۆ ساز کەن ئەوانە ماندوون، ئەو خزانەخوێیانە لە بیر ناچنەوە، چیان هەبوو لە زاری خۆیان گێڕایانەوە و لە پێش ئێمەیان دانا ، ئاخر خۆ کەس پێی نەکوتبوون میوانتان دێ تا ئامادەی میوانداری بن. من کاتی خۆشی کە پشمەرگە بووم سەدان دیمەنی ئاوام دیبوو، لە گوند نشینە میهرەبانەکان وەژوور کەوتبووین بێ ئەوەی پرسیان پێ بکەین، لە دەرگامان دەدا:


ماڵێ میوانان ڕا دەگرن؟ دەتوانم بڵێم هەمیشە ئەو وڵامەمان گوێ لێ دەبوو:


- میوان بە خێڕێ سەر سەر و سەر چاوان!


خانە خوێ دوای نان خواردن کوتی، ئەگەر بەتەمان ئاوەدیو بن باشترە بەیانی زوو هەستن و بڕۆن ئەگەریش جارێ لێرە دەمێننەوە ئەوە ماڵی خۆتانە. بەڵام خوا دەزانێ سبەی و دووی هەوا چۆن دەبێ تا ڕێگا نەبەستراوە بەفر تێی نەکردووە ئاوەدیو بن باشرە. دەبێ بەیانی پێش هەوا تاریک بوون سنوور ببەزێنن دەنا ژاندارمی تورک لە ڕەبیەکان ڕا دەتان بینن، تەقەتان لێدەکەن! تورک زۆر بێڕەحمن! ئەمانەتی خۆتان بن.


بەیانی هەر زۆر زوو بەڵەدی رێگا هەڵی هەستاندین و هەر کەسەو گورج خۆی پێچایەوە، خانە خوێ پرێسکەکەیەکی نان و پەنیر بۆ تێکەوە پچاین و وەکابرای دەلیلی دا. تاریکە سەلاتێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، هەندێ ڕۆیشتین وردە وردە چاو خووی بە تاریکی گرت و بەرپێی خۆمان زۆر چاک دەدیت، لە ئاخرین ماڵی گوند کە وەدەر کەوتین سێ چوار سەگی مل ئەستوور کەوتنە دوامان و لە کۆڵمان نەدەبوونەوە، من کە شارەزای ئەو رێگایە نەبووم سروشتی بوو کە زیاتر لە سەوەڕی سەیەکان نیگەران وترسی ژاندارمی تورکم هەبێ کە تەقەمان لێ بکەن.

 

دووسەعاتێک دەبوو دەڕێیە کەوتبووین کە ورردە وردە دەهەورازی هەڵبووین، هەرلە خۆڕا پێم وابوو دەبێ لە سنووری دەسکردی باکوور وباشوور نزیک بینەوە، لەو حاڵەش دا عەجایب دەفکرانەوە چووبووم ، جا باشە ئەوە لەو دۆڵ و شاخ وبەندەنە وەبەر گوللەی تورکان دراین خۆ کەس بە گۆڕەکەشمان نازانێ، منداڵەکان کێ ئاگای لێیان دەبێ، تۆ بڵێی کە لەو قاچاغە ڕێیە دا ئەگەر تێدا چووین حیزب بە ئەندام یان لایەنگرێک حیسابمان بکا؟ بڵێی لانی کەم ئەو ماوەیەی ڕابردوو دا کە ئێمەش شانمان دابووە بەرێ وگیانی خۆمان خستبووە سەر لەپی دەست حیزب و خەڵک ئێمە لەبیر نەکەن و لانی کەم

ڕێزێکمان لێ بگرن!


لەو فکرانە دابووم شارەزا و دەلیلی ڕێگا بە ئەسپایی هاتە لامان وکوتی ئیدی لێروە بەو لاوە کەس نابێ سیگار بکێشێ و بە وشیاری و بە ئەسپایی یەک لە دووی یەک وەرن و کەس نابێ متەقی بێ نەکوو ژاندارم کەمینیان دانابێتەوە!
بایەکی ساردی دەهات، تەزووی سەرما بە بن کڵاوەکەم دا خۆی بە ناو شان وملم دا دەکرد، شالگەرنەکەم زیاتر لە دەوری ملم هاڵاند، ترسێک و خۆفێکی شاراوە بەسەرم دا زاڵ بوو.


دووهەم کەس لە پشت دەلیلەکە دەڕۆیشتم، هەستم دەکرد زەوی بەستوویەتی و لەبن پیان دا قرچەی دەهات. لە گەرووەکە سەرکەوتین هێندەی دیکە باو سەرما ئازاری دەداین، بە خێڕایی داگەڕاین و گەوەو گەوە بە توولە رێیەک دا کە دیار بوو هی قاغچیەکانی ئەو ناوچەیە بوو بەرەو شیوەکە شۆڕ بووینەوە، سەعاتێک زیاتر بە خێرایی و سەربەرەژێر داگەڕاین تا گەیشتینە قەراغ رووبارێک، شارەزای ڕێ لێمان نزیک بۆوە و کوتی تەواو، سنوورمان بڕی، ئێستا ئێمە لە ناو خاکی باکووری کوردستان وتورکیا داین.


هەوا کەم کەم ڕوونی دەکرد، بە تەنیشت ڕوبارەکەدا هەر سەر بەرەو ژێر دادەگەڕاین، بیرم لە قسەی کابرای دەکردەوە کە پێی کوتم، نیگەران مەبە تاقە سێ سەعات بە پێ دەڕۆی و تەواو ئەوی دیکە هەموو سەیارەیە. لە حاڵێکدا ئەوەندەی هاتبووم کاری ٩-١٠ سەعاتیش نەبوو، ئیدی زانیم دەبێ خۆم بۆ ڕێپێوانێکی زۆر زیاتر ئامادە بکەم.

 

تا پاش نیوەڕۆ هەر بە پێ ڕۆیشتین، پاشان لە کەندێک دا خۆمان حەشار دا، دەلیلی رێگا دەیکوت دەبێ مات بین تا تاریک دادێ دوایە دەچینە ئەو گوندە، ژاندارم و قەرەقۆڵ لەو ناوە دەسووڕێنەوە، بمان بینن دەمانکوژن! یەکەم جار بوو ناوی قەرەقۆڵم گوێ لێ دەبوو.

 

لە بناری چیایەکی سەربەتەم گوندێک دیار بوو، لووتکەی چیا و دامێنەکەی تا نزیک گوندەکە بەفر بەتەواوی دای پۆشی بوو، دیار بوو ئەو ناوە ساردترە. ئێمەش بە قسەی شارەزای ڕێ خۆمان مات دا و لە هەمان کات دا خەریکی نان خواردن بووین، سەرو بابۆڵەیەک نان وپەنیری خانەخوێی سەر سنووری باشووری کوردستانمان ساز کرد و ملمان دەبەر ملی نا، ئەوە هەم خواردنی بەیانی بوو هەم فراوین واتە هی نیوەڕۆ.

وردە وردە بوومەلێڵ باڵی بەسەر ئەو شیو دۆلە دا کێشا، نازانم بۆ هەستم دەکرد کە بێ چەک بووم بێدەسەلاتترین مرۆڤم، هەرچی ڕوویدابا خۆ چمان لە دەست نەدەهات، تەنانەت دڕندەی کێویش پەلاماری داباین چمان نەبوو داکۆکی پێ لە خۆمان بکەین. سەر باقی ئەوانە لەبەر سەرمای ئەو ناوە خەریک بوو ڕەق دەبووینەوە نە دەبوو بشجوڵێین، دەی تۆ لەبەر سەرما بی و جووڵەت لە خۆ بڕیبێ هەر دەبێ رەق بییەوە. وردە وردە تاریک داهات، وەک دڕندەی کێوی لە کەندی هاتینە دەرێ و بەرەو گوند وەڕێ کەوتین، نزیکی گوند بووینەوە دەلیل کوتی خۆتان ئا لێرە مات کەن نەجووڵێن و نەبزوون تا دەگەڕێمەوە.


سێ کەسی نەشارەزا و نابەڵەد بەو نیوە شەوە لەو کەندو دۆڵەدا بەجێی ماین بێ ئەوەی نە بڕە نانێك یان ئاوێکمان پێ بێ، بێ ئەوەی بەهیچ کوێ بزانین. خۆمان خزاندبووە نێو دۆڵێک ونێوان ثاشە بەردەکان تا سەرمامان نەبێ کە چی بەردەکان دەتکوت سەهۆڵن. تەواوی ئازای بەندەنمان وەژان کەوتبوو، ددانمان ددانی نەدەگرت و چەق و چۆمان هاتبۆیە، سەعاتێک، دوو سەعات نەخێر کابرا دیار نەبوو، تەواو بێتاقەت ببوین، دەستمان لە کابرا شوتبوو، تەمام گرت کە خۆ بە ناو گوندەکە دابکەم هەرچی دەبێ با ببێ خۆ چاکترە لەوەی لە سەرمان ڕەق هەڵێین، دەنگی شوانە و ئەو کوڕە دیکەم دا وکوتم یاڵا هەستن. دەچینە ناو گوند، 


هەرسێکمان ڕاست بووینەوە بەرەو ڕێگا سەرەکییەکەی گوند وەڕی کەوتین کەچی دەنگە دەنگێک لە دوورەوە دەهات، دووبارە خۆمان مات کردەوە و خۆمان بەو هەردەوە نووساند، هەردی چی، بەفر و سەهۆڵ و بەستەلەکێک بوو مەپرسە، هێندەی پێ نەچوو دەنگە دەنگ نزیک بۆوە و دیتمان خۆیەتی بەدوامان دا هاتۆتەوە، جاوەرە بەو حاڵەش متەقمان نەهات، نەمانکوت سەگی سەگباب ئاخر ئەتۆ زیاتر لە دوو سەعاتە بەو بەفر و سەرمایە ئێمەت بۆ لێرە بەجێ هێشتووە! چما ورچیش ئاوا هەڵدەکا!

 

چارمان نەبوو دەبوو وستەمان نەیە، ئەو وەپێش کەوت و ئێمەش بەدوای دا، دووبارە کە لە گوند نزیک بووینەوە سەوەڕ پەیدا بوو، بەڵام لە سەرمان نە گوێمان بە سەوەر دەبزووت و نە دەداوکەوتنی ژاندارم. وەناو گوندی کەوتین و لەوێ هەنگاوەکانمان خێراتر بوون، لە کۆڵانێک دا بەدوای شارەزای ڕێ خۆمان بە ماڵێک داکرد و ئیتر یەکسەر چووینە ژوور، دیار بوو خانەخوێ لەپێشدا قەرار و مەداری دەگەڵ شارەزای ڕێ دانابوو، کورەیەکی نێڵ دابوو مەپرسە، هەموو گەش ببوینەوە . تازە کفنێکمان دڕیبوو، لە زیادییە بووین، چون بەڕاستی هاتبا و سەعاتێکی دیکە لەو شێوە ماباینەوە رەق دەبووینەوە.

وردە وردە من دەگەڵ خاوەن ماڵ سەری قسانم کردەوە، ئەودەمی کرمانجییەکم خەراپ نەبوو، و زۆر بەپارێز بووم، نە باسی کوردایەتی بکەم و نە بەخەراپە باسی تورکیا، یەکەم من بۆ سیاسەت و خەبات نەچووبوومە تورکیا، بەڵکوو بە هەزار کوێرەوەری خۆم گەیاندبووە ئەوێ کە لەو رێگایەوە مافی پەنابەری وەرگرم، دووهەم نەمدەزانی خانەخوێی چ کارەیە.ئەگەرچی زۆر زوو دەرکەوت مەلا و مامۆستای ئایینی بوو، بەڵام دیسان لە قسەی خۆماڵی وباسی چەرمەسەری ژیان لە ئێران بەو لاوە نەکرا. هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە کابرای خاوەن ماڵ هەرچی بێ و هەرکارەیەک بێ سیلەی رەحمی بەرامبەرمان زیاتر بجووڵێ.


ئیتر گەشابووینەوە خواردن دانرا و زگی برسیمان لەسەر دانا، دەوروبەری سۆبەکەمان بەر نەدەدا، شەو درەنگ بوو، جێگاو بانێکیان بۆ ڕاخستین لە ماڵە خۆشم شتی وام نەدیتبوو، دۆشەگ بستێک بڵیند بوو، هەمووی خوری، سەنیر نەرم و نیان سەرت تا بنان گوێیان لە نێوی دا ون دەبوو، لێفەی جوان و دەست درووی خوری بە بەرگێک کە هەر ترووسکەی دەهات، کوتیان بنوون ڕەنگە سێ یان چوار ڕۆژ لێرە بمێننەوە، لە دڵە خۆم دا کوتم خودای دەکردتا بەهار لێرە دەماینەوە. چما جێ لێرە نەرمێنتر هەیە؟!


هێندە شەکەت و ماندوو بووین هەر چووینە ناو جێگا یەکسەر خەومان لێکەوت، بەیانی دەگەڵ مەلا بانگدانێ تێمان ڕاخوڕین هەستن، چ بووە و چ باسە کاکە؟ وامان زانی قەرەقۆڵ پێیان زانیوین و دەبێ دیسان خۆ حەشار بدەین، کوتیان گورج خۆتان کۆ کەنەوە دەبێ بچنە سەربانی بنوون! کوتم چۆن سەربان؟ رەق دەبینەوە! کوتیان نا نا، سەری داپۆشراوە، رایەخ و پێ خەفتان بۆدێنین، شت و مەکتان دەدێنێ. خۆتان داپۆشن و بنوون تا ئێوارێ، نێو ماڵێ جارجارە قەرەقۆڵ و ژاندارم پەیدا دەبن بتان بینن مەلای لەدار دەدەن وئێوەش خودا دەزانێ چیتان بەسەر دێ! ئێواران دیسان وەرنەوە خوار.
لە دڵە خۆمدا یەکجار زۆرم دڵ بەو مەلا ماڵوێرانە سووتا باشە لە پێناو چی ئەو خەتەرە تووشی خۆی دەکا؟ ئەو جار دەی کوتمان مادام سەری داپۆشراوە و شتمان دەدنێ و ئێوارانیش دێنەوە خوار چ قەیدی نییە.

 خۆمان کۆ کردەوە و بە پەیژەو نەڕدیوانێک دا سەرکەوتین و دەس بەجێش نێردیوانەکەیان لێ کردەوە کوتیشیان بە هیچ جۆر متەقتان نەیە دەنا هەموو تێدا دەچین، کە چووینەسەربان، دیتمان سەربان داپۆشرانی چی وشتی چی خۆ دەگەڵ دەرێ فەرقی نییە! سەری داپۆشرابوو و و خرت و پرتی وەک ئەنبار تێدا کۆ کرابۆوە، بەڵام هەر چوار دەوری بە قەرا بستک ئاوەڵا بوو، بایەکی تێ دەکرد دەتکوت بای سەرسەڕییە، هەزار خۆزگەمان بە شیو و دۆڵ و شاخەکە خوارد، هێندەی نەبرد بەڕرەیەکیان بۆ هێناین و وتیان ئەوە ڕابخەن و پاش کەمێکی دیکە بەڕەیەکی دیکەشیان بۆ هێناین کوتیان بە خۆتانی دادەن. ئیتر وتیان وست! نێردیوان لێکرایەوە جا وەرە بەو سەرمایە لەو سەر بانە دەبێ چی بکەین؟

بەڕە بۆ لە سەر نوستن هەر نابێ بۆیە وەک لەسەر هەردەکە نووستباین ئاوا بوو، سەربانەکەش سمیت بوو، ئەوەی دیکەی بۆشیان هێنابووین کە بە خۆمانی دادەین هاوتای ئەوی پێشێ بوو، درێژایی باش بوو بەڵام پانایییەکەی هەر ١.٢٠ س م دەبوو، بە درێژی بە خومان دادابا هەر یەک کەسی دادەپۆشی و دووەکەی دیکە چیان وەبەر نەدەکەوت، بە پانەوە بە خۆمان دادابا هەموو لاق و لەتەرمان بەدەرەوە دەبوو.


باوەڕم نەدەکرد ئەوانە ئێمە بەو حاڵە ٣-٤ شەو و ڕۆژان بێڵنەوە . بە خۆم دەکوت مامۆستا ئاگای لێ نیە دەنا چۆن شتی وا قەبووڵ دەکا خۆ سەگیش بەو سەرمایە و لەو سەربانە تاقەت ناهێنێ!

 

ئەوەی لەو چەند ڕۆژە دا لەو سەربانە و دەگەڵ کاک شوانەی باوەجانی و یەکی دیکە من ئەزموونم کرد یەکێک لە تاڵترین ڕۆژەکانی ژیانم بوون، ئەو سێ شەو ڕۆژە با لێی نەکردەوە، کە هاشەی دەهات ورەت پێ نەدەما، بە بن ئەو بەڕەیە دا دەهەموو گیانت دەگەڕا، هەرچۆنی خۆمان گرموولە دەکرد و پشتمان بە پشتی یەکەوە دەنووساند تا یەکتر گەرم ڕابگرین دیوەکەی دیکەمان پاش نیو سەعات خەریک بوو دەیبەست. سەرباقی هەموو دەردان میزت بە خۆت دا کردبا ئیمکانی چوونە ئاودەستت نەبوو.


نەخێر بە چاو قووچاندن وەک ڕێوییەکەی گەرمێنێ خۆمان بۆ فریو نەدەدرا و ڕاست گونمان بەتەڵەوە ببوو.

 نەقڵی ڕێوییەکەی گەرمێنێ:

" ڕێوی زیرەک بە گون پێوە دەبێ

دەگێڕنەوە ڕێوێکی گەرمێنێ بە ڕەز و باخێک فێر دەبێ و کابرای باغەوان دەفکر دەکەوێ تەڵەیەکی بۆ دانێتەوە، باخەوان لە چنگانی وەئامان دێ و ناچار دەچێ تەڵەیەک دەکرێ و لە سەر ڕێگای هامووشۆی ڕێوییەکە دای دەنێتەوە.

رێوی گەرمێنێ لەکوردەواری و نەقڵە کوردیەکان دا بە زیرەکترین بوونەوەرەکان ناسراون، بۆیە کابرا زۆری هیوا بەوە نابێ کە بتوانێ ئەو ڕێویە دە داو بخا، هەرچۆنێ بێ تەڵەکە دادەنێتەوە و پلە گۆشتێک دادەنێتەسەری و تەڵەکە بەجێ دێڵێ. مام ڕێوێ دەمەو ئیوارێ بەو ڕێگەو بانەدا رادەبرێ وبۆنی گؤشتەکە دەکات و دەچێتە دەوروبەری تەڵەکە، سەیر دەکا پارچە گۆشتێکی نەرم و ناسک بەتەنێ لەو گۆڕەی داندراوە. کابرا تەڵەکەی زۆر چاک بە پووش و پەڵاش داپۆشیبوو. ڕێوی زەینێکی دایەو گوتی نا ئەو ماستە بێ موو نیە، چۆن دەکرێ لەو دۆڵ و دەڕەیەدا ئەو پلە گۆشتە سوور ونەرم و نیانە دابندرێ وکەسیش خۆی لێنەدابێ، بڕێکی بەدەوروبەر دادێ و دوایە دەڵێ با فکرێکی لێبکەمەوە.

رێوێ پاش کەمێک هاتن وچوون بەدەوروبەریدا پاشەو پاش لە تەڵەکە نزیک بۆوە و بە کلکی هێدی هێدی گۆشتەکەی لەسەر تەڵەکە لادا و دووری خستەوە و خواردی ولێێ دا ڕۆێی. بۆ بەیانی کابرای باخەوان هات و دیتی نە گۆشت ماوە و نە تەڵە تەقیوە. دارێکی بەدەستەوە گرت وبە ئاستەم لە تەڵەکەی نزیک کردەوە دەس بەجێ تەڵە تەقی و دارە پێوە بوو، باخەوان دەستێکی وەبەر چەنەگەی داوە لە دڵەخۆیدا کوتی عەجایب ئەدی ئەو رێوییە کوو پێوە نەبووە؟ باخەوان کەلە هەڵسەنگاندنی دامابوو بە زەینی داهات کە ڕەنگە باڵندە یان شتی دیکە خواردبێتی یان تەڵەکە لەو کاتە دا گیری کردووە و نەتەقیوە، با ئەمشەویش داینێمەوە.

باخەوان دیسان تەڵەی بەهەمان نەقڵی جاران دانایەوە پلە گۆشتێكی نەرمەی جوانی لەسەر دانا، بۆ سبەینێ هات دیتی هەمان بەزمەو ڕێویش شەو هاتبوو بە هەمان تیکنیک و فێڵی خۆی پلە گۆشتەی خواردبوو ، باخەوان خەریک بوو شێت دەبوو، دووبارە شەوێ تەڵەی بەهەمان دەستووری پێشوو دانایەوە، ئێوارێ رێوی کە تازە فێری گۆشتی نەرمە خواردن ببوو گەیشتەوە هەمان شوێن و بەهەمان تیکنیک گۆشتەی هەڵگرت و خواردی و تاوێک لە تەنیشت تەڵەکە ڕاکشا و ئەوجار کوتی نا ، وانابێ ئەوە بنیادەم پێیوایە فێڵ لەمن دەکا و ئەوە تەڵەیەی بۆ من داناوەتەوە و تەمبێش نابێ وا چاکە پەیامێکی بۆ دانێم.

رێوی کوتی با سلێکی بۆ لەسەر تەڵەکە بکەم تا حاڵی بێ دەگەڵ ڕێوی گەرمێنێ تێنەکەوێ. هەردو لینگی بەودیوەودیوی تەڵەکەدا ئاوەڵا کردو پەرژێنێکی قایم بێ سڵێکی بۆ باغەوان لەسەر تەڵەکە کرد، چما تەڵە نەتەقی و رێوی بە گون پێوە نەبوو! تۆزێکی تەقەلا کرد فایدەی نەبوو، لەبەرژان و ئێشیش حەجمینی لێبڕابوو، هەر بەو حاڵەوە خۆی درێژ کرد و خۆی لەخەو کرد و کوتی خودایە خەون بێ، بڵێی خەون نەبێ.... نەخێر تازە رێوی بە گون پێوە ببوو.

بەیانی زوو کابرای خاوەن تەڵە هات و رێوی هەر هەستی پێی باغەوانی کرد خۆی مراند، متەقی لەخۆی بڕێ، باغەوان هات و کە دیتی ڕێوی پێوە بووە ، لە خۆشیان نەیدەزانی چ بکا، دوو سێ نووکە شەقی دەڕێوی هەڵدا و کوتی هەی واو وا پێکراو فێر دەبێ ترێی باغی من دەخۆی، دە پتۆپە دەی. دەستی بردو رێوی لە تەڵەکە کردەوە هەڵیداشتە ئەولاتر، چما ڕێوی تێی نەدەتەقاند، باغەوان کە ئەوجار لەو فێڵەی ڕێوی سەری سووڕ مابوو چاوی چووبووە پشتەسەری روو لە ڕێوی کوتی قەیناکا فێڵت لێکردم بەڵام بە خودای تەرکی ئەو دۆڵەم پێکردی.

 

 

شەوان ئەو پەڕ قەدر و حورمەت و نوێن و بانی شاهانەو بە رۆژیش لە جێگایەک دەماینەوە بە دڵنیاییەوە سەگت لێ بەستباوە لەسەرمان قووڕووچکەی رێگا ڕۆژێک دەڕۆیی. بووبووین بە گیسکەکەی هەیاسی.


سێ شەو و ڕۆژ ئەوە حاڵمان بوو، ئەو جار شەوێش لەسەر ئەو نوێن وبانە نەرمە، لەو ژوورە گەرمە، لە ترسی ئەشکەنجەی ڕۆژەکەی دوایی هیچ چێژێکمان لە خەوتن نەدەبرد، بە بارێکی دیکە لەترسی سەرمای سەربانی هەر خەومان لێ نەدەکەوت.

وابزانم شەوی چوارەم بوو کە شارەزا کوتی بنوون بەیانی وەڕێ دەکەوین، خانە خوێی دیار بوو کە پێی خۆش بوو لە کۆڵی بینەوە بەڵام لە سیمای دا جۆرە نیگەرانیەک بەدی دەکرا. ئەو هەڵی دایە و کوتی بەیانی دەبێ خۆتان چاک داپۆشن "گەروێ چیاێی ڕەش گەلێک عاسی و دژوارە. تا زیاتر ژووردا بچن سارترە! نخاسما بایەکی هێدیش لە گەروێ چیاێی ڕەش بهێت مرۆڤ سڕ دەبێ."

 

من هەر لەو قسانە را زانیم رۆژ و شەوێکی سەختمان لەپێشدایە، بەڵام خوڵا خوڵام بوو هەرچی زووتر لەو گوندە نەجاتیمان بێ و چیدیکە سەرمای ئەو سەربانە لە بن بەڕەیەکی تەنک و باریک بە ناوگۆشت و پێست و ئێسک و هەموو لەشمان دا نەگەڕێ.


هەوا زۆر تاریک بوو کە لەخەو هەستاین ، ماڵاواییمان لە مەلا خواست، کە چووینە دەر نەرمە کڕێوەیەکی دەکرد ، من لەو گوندە وابزانم ٧٠ دۆڵارم دا بە یەکێک تا بەشێک لە کتێبەکانم بۆهەڵگرێ، زۆر چاکم لەبیرە ئەو کارەم زیاتر بۆیە کرد کە لەو هەورازە سەختە تەنیا یەک دەلیلمان دەگەڵ نەبێ. دیارە بەڕاستی شەکەتیش بووبووم ئاخر سێ سەعات و چوار ساعت بە پێ ڕۆیشتن ئێستا لە حیساب دەرچووبوو. چۆرت نەیدەخوێندەوە.


تولحی بەیانی کە هەستاین من جوتێکم گورەی لە پێ کرد و دوایە نایلۆنکم بەسەر هەڵکێشاو ئەو جار جووتێکی دیکەشم گورەوی بەسەر دا لە پێ کرد.دیارە بەوانی دیکەشم کوت وابکەن، پێڵاوەکانمان هی زستان نەبوو، ئاخر قاچاغچیەکان وتیان تەنیا ٣- ٤ سەعات بە پێ دەرۆن دوایە هەموو سەیارە، بۆیە من وەک خۆم جووتێک پێڵاوی ئادیداسی سپۆرتم لە پێ دا بوو.


دیسان بە نێو سەوەڕی گوند دا لە دێ وەدەر کەوتین، تا دوورتر دەبووینەوە دەنگی سەوەڕ و چرای ماڵان لە دوورەوە کزتر دەبوون، چەند سەعاتێک بوو لە ڕێ دابووین، تا ڕووناک داهات زۆر لە گوند دوور کەوتبووینەوە و بە قاچاغە ڕێگایەک دا سەربەرەو ژوور دەڕۆیشتین کە بە تەنیشت جادەیەک دا تێدەپەڕی، جار جارە دەچووینە سەر جادە بەڵام کە هەستمان بە دەنگی ماشێن کردبایە دەبوو بەپڕتاو خۆ بگەێنینە پەنای جادەکە و لە بن پنچک و شتی وا مات بووبیان، دەیان کوت ڕەنگە ماشێنی ژاندارم بێ لێرە بمان گرن ڕاست وەبەر گوللانمان دەدەن.


وردە وردە بەرەو هەورازەکە و گەرووی چیاکە هەڵدەکشاین، بەشی زۆری رێگاکەمان تا دوندی چیاکە بڕیبوو، وردە وردە سەرما زیاتر بوو، بەفر و باڕن دەچاوی دەکردین، من جار جارە دەستم بە چاومەوە دەگرت و لە کەلێنی قامکەکانم ڕا سەیری دەرێم دەکرد و بەرچاوی خۆم دەدیت، بەڵام دەس بەجێ قامکەکان لە گۆ دەچوون و دەبوو بە پڕتاو دەگیرفانیان ئاخنمەوە.


تا لە گەرووێ چیاکە نزیکتر دەبووینەوە بەفرو کڕێوە زیادی دەکرد و باو سەرماش ئیدی بەڕاستی کاری لەسەر ئێسکان دەکرد، هەوا بوولێڵ بوو، لەو دەمە دا لە دوورەوە لە ناو تەپ و تومانی و بەفر و کڕێوە و باڕن دا نووری چرای ماشێنک دیار کەوت کە لەو لای را دەهاتە خوار، هەموو بە پڕتاو خۆمان گەیاندە قەراغ جادەکە و لە پەنا جادەکە دا خۆمان مەڵاس دا، پەنا جادە هەڵدێڕێک بوو هەر کاممان هەلخلیسکاباین بە دلنیاییەوە کەس لەسەری رانەدەوەستا و بەجێ دەما، شوێنەکەش هەڵدێر و بەستەڵکێک بوو مەپرسە، بە نووکی کەوشەکان و بە چنجڕووک و نینۆکان خۆمان راگرتبوو تا هەڵنەدێڕێین، ماشێن بە.پڕتاو رەت بوو، هەناسەیەکمان هاتەوە بەرە خۆ و هاتینەوە سەر جادەکە. بڕێك هەناسەمان هاتەو ەبەرە خۆ..


تا زیاتر هەڵدەکشاین، بەفر زیاتر دەبوو، ئیدی وردە وردە گەیشتە پشتێندێ، بەفر کە لە ئەژنۆیان تێپەڕی شکاندنی هاسان نیە ، تۆ دەبێ جارێک چۆکت هەڵێنی و بەفرەکە بە چۆکت پان کەیەوە تا جێگای پێ هەڵێنانەوەت هەبێ دوایە بفرەکە ببڕی وهەنگاوێک بچییە پێش، بۆیە کە بەفر لە ئەژنۆیان تێپەڕی بەرێ دانەڕۆی زۆر باشترە مەگەر ڕیگایەکی کەم. ئەوەی مابوو تا لووتکەکە بە حیساب هەمووی ٢٠ دەقیقە ڕێ مابوو کە کە ئەو گەرووە سەخت و دژاورە کە ئێستا ببوو بە دوژمێکی بێ رەحم و بێ بەزەیی ببرین بەڵام بەڕاستی ئەو ٢٠ دقیقەیە نەدەبڕایەوە، گەیشتنیە ٢٠٠ میتری گەرووەکە دیتمان لودێرک وەبن بەفرەکە کەوتووە و بەجێیان هێشتووە، زۆر بە زەحمەت ولە نێو نیگەرانی و ناهومێدی دا لودێرەکەمان بەج هێشت، لەو دەمە دا یەکێک لەو دووکەسەی وەک شارەزا دەگڵمان بوون کوتی با بگەڕێنەوە بە خوا هەموو تێدا دەچین! ئەو قسەیە ورەی هەموومانی دابەزاند، هەڵم دایەو دڵخۆشیم دانێ و کوتم مادام بە ڕێ دا دەڕۆین و ئەگەر ڕێگاکە ون نەکەین هیچمان لێ نایە، ئەوجار تازە رێگا سەختەکەمان بڕیوە بۆ بگەرێنەوە؟ ئەوی دیکە کوتی نا نا رێگا بزر نابێ چون هەمووی هەر جادەیەو هەر ئاوە دیو بین ئیدی کار تەواوە. دووبارە تەکانمان لە خۆمان دا، لە گەروو شاخە ڕەش نزیک بووینەوە، دڵنیا بووم ئەو شوێنە زۆر کوردی کردۆتە قوربانی، کێ دەیزانی ئێمەش یەکێک نابین لەوانە.


بە نۆرە بەفرەکەمان. دەشکاند و دەڕۆیشتین، هاشو هووشی با بەو تاریکە شەوە یەکجار سامناک بوو، گەیشتینە خاڵی کۆتایی بەڵام بایەکە توندتری کرد، ئەو جار چاومان لەبەر کڕێوە هەر هەڵ نەدەهات وبەفرەکە زۆرتریش بوو، بەڵام سەربەرەوژێر دەڕۆیشتین، دیسان گەیشتنیە بۆردزیلێک کە تا نیوەی وەبن بەفرەکە کەوتبوو، بە تەنیشت بۆردزێلەکە دا داگەڕاین وردە وردە بەفرەکە تەنکتر دەبوو، تا دادەگەڕاین با و کڕێوە کەمتر و تاقەت و توانای ئێمەش کەمتر دەبوو، هەرچی وزەو توانامان هەبوو لەو هەورازە دامان نابوو، زۆر بەخێڕایی دادەگەڕاین، تا لە چنگ باو کڕێوەکە نەجاتمان بێ، نیو سەعاتێک داگەڕاین وردە وردە هەواکە فەرقی کرد، چاو وگوێ و لێومان وە خروو کەوت، دیار بوو لە بن بەستنێ بوون و سڕ ببوون وتازە خوێنیان تێ دەگەراوە.

وا دیارە بوو ئەو جاریش کفنمان دڕیبوو، زۆر داگەڕاین تا گەیشتینە شوێنێک کە لە دوورەوە سۆسەی چرایەک دەبینرا، شارەزا لێمان نزیک بووە و کوتی ئەوە قەرەقۆڵە! هەستمان بکەن تەقەی دەکەن و لەوانەیە هەموو ڕیگاکانمان لێبگرن، دەبێ زۆر بەخێرایی و بە لابەلایە دا دەرباز بین.


ئەو شوێنبەی ئەوان دەیان کوت باڕنی کردبوو و لێی دەرنەدەچووین ناچار رێڕەوەکەیان گوڕی بۆ جێگایەک کە ئیدی بە هاسانی پایگای قەرەقۆلمان لێ دیار بوو، زۆر بە پڕتاو ئەو گەوەیەمان دەبڕی تا هەرچی زووتر لە چاو بنکە سەربازیەکەی تورکیا نەدیو بین، لەو دەمە دا سەوەڕی سەگی پایگاکە دەستی پێکرد، لە دڵە خۆم دا کوتم تازە تەواو ئەو سەگانەمان تێبەر دەن بە خوا هیچمان دەرنابەین، زۆر بەخێرایی ئەو گەوەمان بڕی و لە پایگاکەر نەدیو بووین، دەنگی سەوەڕ هەر دەهات بەڵام وادیار بوو بەدوامان دا نەهاتبوون، لەو دەمە دا بەفرەکە لە بن لاقم دا ڕۆچوو و من تا پشتێندێ لایەکی بەدەنم لە بەفرەکە دا چووە خوارێ و ئیتر جووڵەم لێ بڕا، هەرام کردن کە من تێکەوتووم ناتوانم بەدواتان دابێم بەجێم مەهێڵن، شوانە باوەجانی هاوشاریم بۆم گەڕاوە ، بەلام تا ئەو گەیشتێ بە هەزار زەحمەت خۆم لەو چاڵە بەفرە هێنا دەر. لە کاتی تێکەوتنەکە هەستم کرد پشتم کرتەیەکی لێ هات، زۆرم گوێ نەدایە.


تابەیانی هەر بەڕێوە بووین، تاریک و روونی بەیانی گەیشتینە نزیک رووباڕێکی خوڕێن بەڵام بچووک، ئەوێ دەتکوت بەهارە، هەموو وڵات ڕەشانگ بوو، دەممان بەئاوی ڕووبارەکەوە نا تێر تێرمان خواردوە، بەو سەرمایە سەیر تینوو ببووین، دڵم خۆش بوو لەو ناوە پەڵە بەفرێکت نەدەدی، وادیار بوو مەینەتی و سەرماو سۆڵمان لە کوۆڵبۆتەوە.
لە دەوری یەک کۆبووینەوە، ئیتر هەستت دەکرد هەموو براین، ئاخر لەو رێگایە دا هەموو یەک چارەنووسمان هەبوو، بۆیە دەبێ ئەو هەستە دروست بووبێ.پارووە نانێکمان خوارد و هەرکەسەو سەری وەسەر کەنداڵێک کرد، چاومان لە بەر بێخەوی دەبرژایەوە، شارەزای ڕێ کوتی:

 

خۆ مات کەن تا عارەبێ دێ! ئەو خەبەرە خۆش بوو، وادیارە لە شاخ و دۆڵ پێوان ڕزگارمان. بووە، من چاوم لەسەر یەک دانا و خەوم لێ کەوت.

 

خۆر تازە سەری دەسوێیە نابوو, گزینگ وەک لیسگەیەکی مراوری لە گەرنی چیا سەرکەشەکانی دەوروبەر ئاڵابوو، دەنگی خوڕەی ئاوی ڕووبارەکە تێکەڵ بە شنەبایەکی نەرم بووبوو و موسیقایەکی دڵرفێنی لەو ناوەدا ساز کردبوو، کە چاوەکانم کردەوە هشتا وامزانی خەونە و دەنا ئێمە لە گەرووی شاخە ڕەش دا هەر گیرمان خواردووە و دەرنابەین، کەچی پاش ئەوەی چاوەکانم بڕێک هەڵگڵۆفی و سەیری دەوروبەرم کرد زانیم کە نەخێر ئەوجاریش لە چنگ مەرگ و سڕبوون نەجاتمان بووە و جارێ چارەنووس بەرەو هەڵدێری نەمان تووڕی هەڵنەداوین.


سەرما لە ئازای بەندەنم گەڕابوو، هەستم دەکرد دەئاوێیان هەڵکێشاوم و لەو گۆڕەی فڕێیان داوم، چەق و چۆیەکم هاتبوویە مەپرسە، خۆم گرموولە کردبوو و دەستەکانم خستبووە نێوان ڕانەکانم وبیرم لە چارەنووسی نادیاری خۆم دەکردەوە کە دەنگی ماشێنێک لە دوورەوە هاتە گوێ. بە قسەی دەلیلی ڕێگا دووبارە خۆمان لە کەند و پەنا تاشە بەردان شاردەوە تا ئەوان لە ماشێنەکە دڵنیا بن، دیارە خۆشیان بە ڕێگاکەدا وبە شێوەیەکی ئاسایی و بە دەست ڕاوەشاندن ڕۆیشتنە خوارێ. هێندەی پێ نەچوو یەکیان گەڕاوە و گوتی خێرا کەن وەرن، کە چووین لە خوارەوەی رووبارەکە پیکابێک(وانت بار) ڕاوەستا بوو ، دوو کەسی تێدابوو، یەکیان شۆفیر و ئەوەی دیکەیان لە پەنا شۆفیرەکە دانیشتبوو، ئێمە بە پەلە لە پشتەوە سوار بووین و ماشێن پێی پێوەنا و ئیتر لە دوو کەسەکەی دیکە واتە دەلیل و شارەزای ڕێی پێشوو هەڵبڕاین.


لە پشت پیکابەکە ساکی کتێبەکانم دیار بوو، هێندەی نیگەرانی خۆمان بووم دوو هێندە نیگەرانی ئەو کتێبانە بووم کە بەشێکیان کوردی بوون و پێم وابوو کە بمان گرن هەر بە تاوانی ئەو کتێبانەش بێ من جەزرەبە دەدەن. لە دڵە خۆمدا لە هێنانی ئەو کتێبانە پەشیمان بووم، بەڵام خەتاشم نەبوو، کابری قاچاخچیەکەم کوتی تەنیا سێ سەعات بە پێ دەڕۆن.
جارێ هیچ لامان قسەمان نەکردبوو، تەنیا دەنگێک کە دەهات هاڕەی مۆتۆڕی ماشێنەکە بوو کە ڕێگاکەی دەبڕی و بەرەو هەوراز دەڕۆیی، تا پتر هەڵدەکشاین دووبارە بەفر لەو بەرەو بەری جادەکە زیاتر دەبوو، بەڵام ڕێگاکە ویشک و تۆزە بەفرێک نەبێ لێی نەبوو، لەو دەما دا شۆفێر سەری وەرسووراند و کوتی "مامۆ چ هاتە سەر ڕێکا مە هون خۆ کڕ کەن تەمام" بەڵێ کوتمان تەمام.


ماوەیەک ڕۆیشتین و دوای چەند سەعاتثک گەیشتینە شوێبنێک بە هەمان دەستووری پێشوو، لە هەورازێک ئێمەیان دابەزاند وکوتیان بچن لەو کەندەی خۆ مات کەن تا ئێمە دێینەوە، هاتینە خوار و بە خڕێکی نزیک ڕێکاکە دا هەڵگەڕاین و خومان لە ناو خرەکە مات کرد، ئەوان ڕۆیشتن.


بە دیتنی پیکابەکە یەکەم جار دڵمان خۆش بوو کە تازە لە کۆڵ ئەو نەهامەتیە و سەرماو سۆڵە بووینەوە، کەچی هێشتا بن قوونمان گەرم دانەهاتبوو، دووبارە وەک ڕێوی و گورگ و چەقەڵ لە بەندەنێک دا بەجێیان هێشتین.

هەوا وردە وردە تاریک داهات، سەرما دووبارە هێرشی هێنا، بەڕاستی ئەشکەنجەیەکی تەواو بوو، هەزار جار لە کارەکەی خۆم پەشیمان بووم بەڵام چارەم نەبوو تازە تێکەوتبووم، سەرباقی هەموو دەردەسەری و درۆو دەلەسەی دەگەڵیان کردبووین ئەو سەرمایە بڕستی لێ بڕیبووین، خۆ هەرچەندی هەوا سارد بێ کە مرۆڤ بە ڕێگا دا بڕوات هەست بە سەرمای زۆر ناکا بەڵام کە خۆت کڕ کرد وهەستت لە خۆت بڕی با و سەرما دەس بەجێ زەفەرت پێ دەبەن.


نزیک دوو سەعات دەبوو ڕۆیشتبوون کە لە دوورەوە نووری چرای ماشێنێک دەرکەوت، ماشێنەکە ڕاست لەو شوێنەی ئێمەیان لێ دابەزاندبوو ڕای گرت، یەکێک لە ماشێنەکە دابەزی، بە دەنگێکی کپ هەرای دەکرد ، هۆ مامۆ وەرن وەرن، لە خۆشیان خەنی بووین، دیسان لە کەندی هاتینە دەر بەڵام بەراستی وەک ئیفلیج و گۆجان وابووین هەر بەلا دادەهاتین و لاترەمان دەبەست. دەست و لاقمان سڕ ببوو، چاکمان خۆ پێ کۆنترۆڵ نەدەکرا، دەتکوت سەرمان دەکووپەی ناوە یان قەرەتەپە دوو لیوانمان ودکا هەڵاویشتووە!


دوبارە سواری پیکابە بووینەوە و شۆفێر پێی پێوە نا، گەیشتینە ناو گوندێک و خۆمان بەماڵێک داکرد، ماڵێکی دوور و درێژ دیوێک لەم لاو دیوێک لەو لا، و یەک دوو کۆختی بچووک بچووکیش لە نێوان ئەو دوو دیوە دیار بوو. ئێمەیان بردە دیوێکی گەورە، فەرشێکی گوڵ سووری گەورەی لێ ڕاخرابوو، دیوارەکانی سپی و جوان، پرسیان کاری ئاو دەست و شتتان هەیە هەرنە دەرێ بەڵام هەرکەستان دیت کڕ بن، چ نەبێژن، من دەمزانی بۆیە وایان دەکوت چون زاراوەکەمان هەو نەبوو و قسەمان کردبا خەڵکەکە دەیانزانی ئێمە سۆرانین ودەس بەجێ دەیانزانی کە هی ئەو مەڵبەندە نین ولەوانە بوو ڕاپۆرتیان لێ بدەن هەم ئێمە بگیرێین وهەم ئەو ماڵە سەریان بە فەتەڕات بچێ.


کوورە هەر بەگەیشتنمان نیڵ درابوو، ژوورێکی گەرم وگوڕ، هەرکەس کاری ئاو دەستی هەبوو چووە دەر، من تێرو پڕ دەست و چاوم شوت. هێندەی پێ نەچوو ژنێکی باڵابەرزی چوار شانە منداڵێک بە باوەشەوە وەژوور کەوت:

خێر هاتن.

 

ژنە چووە دەر و بە کەوڵێکەوە وەژوور کەوتەوە نیردوویەکی نان لە ناو دا بوو، کەوڵەمان راخست ، ئەوجار ژاژی (شیرێژ) و بڕێک پەنیری هێنا و ئێمەش وەک ئەوەی گورگمان کوشتبێ یەک و دوو لە سەر چۆکان لێی چووینە پێش، تامی ئەو نان و پەنیرە شثێک نیە کە تا مرۆڤ هەیە لە بیری بچێتەوە. نان خورا و ئەو جار جێگایان بۆ راخستین، من نیگەران بووم دەبێ بە ڕۆژ چمان لێ بکەن ؟ بۆ کوێمان بنێرن؟ لە کوێ دەبێ بخەوین.؟ ئایا دەردی گۆرینمان دەدەنێ؟
دوو کەسەکەی دیکە شۆفیر و ئەوەی دەگەڵی بوو پێش ئەوەی ئێمە بخەوین ڕۆیشتن و کوتیان سبەی هێوارێ دهێینەوە بە دووتان دا.


شۆفێر و هاوڕێیکەی ڕۆیشتن و ئێمەش هەر یەکەو لە سوووچێکی ماڵەکە لێی تخێل بووین، هێندە ماندوو بووین هەر دەس بەجێ خەومان لێ کەوت، بەیانی بەدەنگی کەڵەبابی ماڵەکە من وەخەبەر هاتم و چاوەڕێ بووم کە هەرچی زووتر شۆفر و هاوڕێیکەی بە پیکابەکەوە بێن و سوارمان کەن و لەو ٧ خانی ڕۆستەمە نەجاتمان بێ.


چاوەڕوانی فایدەی نەبوو، تاو هەڵات هەر نەهاتن، نازانم بۆ کە ڕۆژ دەبۆوە هەمیشە ستریس و نیگەرانیم زیاتر دەبوو، تا نیوەڕۆ چاوەڕێ بووین هەر نەهاتن، شەو داهات بێ فایدە بوو، ئیتر سێ دانە شەو و ڕۆژ بەو حاڵە لەو ماڵە ماینەوە و ئەو دووە خەبەریان نەبوو. پاش ئەو سێ شەو و ڕۆژە شەوێکیان درەنگانێک پەیدا بوون و لە حالێکدا ئێمە خەریک بوو دەنوستین کوتیان خۆتان کۆ کەنەوە دەڕۆین.

 

خۆمان کۆ کردەوە، لە دەرەوە بایەکی توند هەڵیکردبوو، جار جارە بە کەلێن و قوژبنی پەنجەرەی ماڵەکە دا بە فیکە کێشان خۆی بە ژوورەکە دا دەکرد، ژنە دووبارە بە خۆی بە منداڵەکەیەوە لە بەر دەرگا ڕاوەستابوو، وەک هەمیشە بێدەنگ، خەمبار، من هەر نەمزانی پیاوی ماڵ ومێردی ئەو ژنە لە کوێ بوو، ئایا لە ژیاندا ماوە یان نا؟ بۆ لەو سێ شەو و ڕۆژە دیار نەبوو؟ سەت فکر وخەیاڵ لەوبارەوە هەڵیگرتبووم، بڵێی لە زیندانی فاشیستی تورکەکان دا بەند کرابێ؟؟؟ بڵێی ڕەگەڵ گریلاکان کەوتبێ و دوور لە ماڵ ومنداڵ خودا دەزانێ ئێستا لە کام شاخ وبەندەنی کوردستان دا دەژی؟


مالاواییمان لە ژنەکە خواست و وەدەر کەوتین، سواری پیکابەکە بووین، تاریکە شەوێک بوو چاو چاوی نەدەدیت، پیکابەکە بە ئەسپاییی لە ناو گوند وەدەر کەوت، ئەمجارەیان نەیان هێشت کتێب وتەنانەت جل وبەرگی زیادەش دەگەڵ خۆمان

هەڵگرین و خۆمان و گوێچکەمان وجلی بەرمان.


چەند سەعاتێک ڕۆیشتین لە هەندێ جێگا لە جادە ئەسڵی و سەرەکیەکە لایان دەدا و دە کوێرەڕێیان هەڵدەبوون. من ئەو کاتانە لە جادە سەرەکییەکان دەچوونە دەر لە خۆڕا هەستم بە ئارامی زیاتر دەکرد، زۆر لەم دۆڵ و دەڕە دابووین، لە شوێنێک بۆ ماوەیەک ڕایان گرت، هەر لەناو پیکابەکە دا سەرخەوێکمان شکاند، کە چاوم کردەوە پیکابەکە بە جادە سەرەکیەکەدا دەڕۆیی.

خەریک بوو دنیا ڕوناک دەبوو، شۆفێر و ئەوەی پەنای لێیان بوو بە قڕڕە، من کرمانجیم زۆر باش دەزانی، دوو ساڵ لە قاتعی بادینانی حیزبی شیوعی عێراق مابوومەوە وزاراوەی کرمانجیم خەراپ نەبوو. تێگەیشتم لەسەر بە کوێ دا ڕۆیشتن دمەقاڵەیان بوو، یەکیان دەیکوت دەبێ لە جادەکە لادەین ویەکیان دەیکوت چ نیە ڕاست دەڕۆین وکەس لێمان ناپرسێ، بەڵام یەکیان ئەوی دیکەی بۆ قانع نەدەبوو، چون ئەویان پێی وابوو مادام ژن ومنداڵمان دەگەڵ نیە ڕامان دەگرن و کیملیک یان پێناسمان داوا لێ دەکەن. خۆلاسە لەسەر ئەوە ساخ بوونەوە هەر بەردەم قەرەقۆڵەکە دابڕۆن، من ئەوە یەکەم جار بوو سەیتەرە و بازدیدی ژاندارم و قەرەقۆڵی تورک ببینم، بۆیە هەر پێش دیتنی بەڕاستی ترسێک هەڵیگرتبووم.
لە دوورەوە چرای سەر جادەکە مانای ئەوە بوو لە قەرەقۆڵ نزیک دەبینەوە، شۆفێر وەرسوڕایەوە و کوتی خۆتان دەخەو کەن و کڕ بن، کڕڕڕرر!


هەر کەسەو سەری دەبەرە خۆ نابوو، بە جەمەدانی و شاڵگەردن سەرو سەکوتی خۆمان تا رادەیەک داپۆشیبوو و خەومان لە خۆ خستبوو، نزیک بووینەوە ومن زۆر بە جوانی لە ژێرەوە ئاگام لێ بوو کە ماشێنەکەی ئێمە نزیک بوویەوە یەکێک لە سەربازەکان هاتە سەر جادەو لە لای شۆفێرەوە سەری هێنا پێشەوە، شۆفێر تۆزێ شلەی دایە و ئەوجار کوتی هەستە وار( نەخۆشمان پێیە) و ئیدی ڕای نەگرت و بە هێواشی لە بازدیدەکە تێپەڕی بەڵام سەربازەکە بە دوامان داهات و کە دیتی پیکابەکە ڕای نەگرت بەپڕتاو گەڕاوە بۆلای بنکەی قەرەقۆڵەکە.


شۆفێر کە ئەمەی دیت پێی لەسەر گاز دانا و بەڕاستی باڵی بە پیکاب گرت هەتا ئەو جێگایەی ماشێنێکی قەرەقۆڵ وەک پۆلیس چراکانی هەڵکرد وهاتە سەرجادە من لە دورەو ە ملم وەرسووڕانبووە و هەر سەیرم دەکرد، کە دیتم ماشێبنەکە بە دوامان دا هات کوتم ماڵێ نەوێرانم کارما تەواو بوو، تازە نەجاتمان نابێ جا وەرە پاش ئەو هەمووە کوێرەوەریە لەو رێگایە دا بکەوییە دەستی قەرەقۆڵ و ژاندارمی تورک، ئاخر بۆ ملی شکاوتان بە شوێنێکی دیکە دا نەدەڕۆیشثن!
پیکابی ئێمە هێندە توند دەڕۆیی شۆفیر بەڕاستی هیچ مەرجێکی ماشێن لێخوڕینی ڕەچاو نەدەکرد، لە یەک دوو شوێن هێندەی نەمابوو هەڵدێرێین، تا ماشێنی قەرەقۆڵ گەیشتە سەر جادە ئێمە چەند کیلۆمیترێک ئەو لاتر لە پێچێک لێ هاڵاینەوە، دەس بەجێ بە جیڕە تورموز و ستۆپی شۆفیر ڕاچلەکاین و هێندەی نەمابوو بە سەر لە پێشەوەی ماشێبنەکە فڕێ درێینە دەرەوە، هەردووک بە پەلە دابەزینو دەرگای هەردووک لایان کردەوە کوتیان هەرن بۆ ئەو شیوە! ئێمە بەرەو شیوەکە داگەڕاین ئەوانیش پێیان پێوە نا ولە چاوان ون بوون، دو سێ دەقیقە دواتر ویڕە ویڕی ماشێبنی قەرەقۆل بە پڕتاو و بە خێراییەکی سەیر لە پێچەکە ئاوا بوو.

ئێمە هەر ٥٠٠ میتر ئەولاتر لە بەفر وبەستەلەکی ڕێگایەک کە دیار بوو کەسی پێدا نەڕۆیشتبوو لە پەنا ڕووبارێکی پڕ لە تاشە بەرد خۆمان حەشار دا، چاکی بەفرەکە ئەوە بوو چون لە ڕووبارەکە نزیک بوو و نمی ڕوبارەکە بەسەری کشابوو بەفرەکە بەستبووی، شوێن پێی بە هاسانی لێ دەرنەدەکەوت. لە هیچ کوێ لەو مەودایە دا ئێمە تێنەکەوتین.
قەراغ ڕووبارەکە بەفری لێ نەبوو و ڕەشانگێکی تەواو بوو بەڵام زۆر سارد بوو، با بەو شیوو ڕووبارە دا هەر هاشەی دەهات. گاشەبەرد وتاشەبەردی زل و تل بوۆە لە چیای بەرامبەر ڕووبارەکە پەناگەی چاک بوو بۆ خۆ مات کردن وخۆ حەشار دان بەڵام سەرماکە هەمان سەرمای جاران. چەند سەعات بەو شێوەیە ماینەوە، خەریک بوو ڕەق هەڵدەهاتین و وەک جارانی پێشوو سڕ و بێ ڕەمەق و بێ هێز ببوین، چەند سەعاتی دیکە بەو حاڵە ماینەوە، برسێتی هێرشی هێنابوو، سەرما بڕستی لێبڕبووین بەڵام ئەوان دیار نەبوون، هەزار فکر و خەیاڵی ئاڵۆز هەڵیگرتبووین، باشە ئەوانە گیرابن ئێمە تەکلیفمان چیە ، چۆن خۆمان لەو گێژاوە ڕزگار بکەین، چۆن خۆمان بگەیەنینە شوێنێکی جێگای هومێد.

 

ئەو ڕۆژە یەکێک لە تاڵترین ڕۆژانی چاوەڕوانی من بووە لە هەموو ژیانم دا بۆیە قەتی لەبیر ناکەم، زۆر ماینەوە و هیچ خەبەری پیکابەکە نەبوو، برسییەتی و بێ هیوایی خەریک بوو لە ناخەوە وێرانی دەکردم، بیرم دەکردەوە دەم کوت ئەگر گیرابن ئەوە تازە کەس نازانێ چارەنووسی ئێمە چی لێ بەسەر دێ، ئەگەر نەگیرابن تازە تا شەو دانەیە ناوێرن بگەڕێنەوە چون بنکەی قەرەقۆڵەکە هەر ٥ دەقێقە بگرە کەمتریش بە ماشێن لێمانەوە دوور بوو.


نازانم ئەو ڕۆژە چۆن. کۆتاییی هات و چۆن لەپڕ بوومەلێڵی ئێوارێ وەک فریشتەی ڕەحمەت لێمان وەدەر کەوتن، دیسان هەر وەک پێشوو بە هەڵە داوان وبە دەنگێکی کپ، هەرن ، وەرن ، هەڕن وەرن، ئیدی هەر کەسەو لە ئاستە خو لەبن تاشە بەردان وەدەر کەوتین، دەست و لاق سڕ ببوو، بەڕاستی هەر لاترەمان دەبەست، بەڵام هیوایەکمان دەدەروونی گەڕابوو، بەرەو پیری دەنگەکە چووین و لە دوورەوە ماشێنەکەمان دیت کە راوەستابوو، بە پڕتاو سوار بووین ، دیسان پیکاب وەڕێ کەوت.
ناو ماشێنەکە گەرم و گوڕ بوو، هەناسەیەکمان هاتەوە بەر، لەبیرم نیە بەڵام باوەڕ ناکەم هەرگیز ئەوان مە سەلەن کوتبێتیان ببورن درەنگ هاتینەوە، یان زۆر عەزیەتبار بوون، ئەوان بەدەم قسە کردنەوە ماشێنیان داژووت، ئێمەش هەم برسی بووین وهەمیش هیلاک وماندوو وکەسیرە. من زیاتر هەولم دەدا سەرخەوێک بشێنم ، دیارە لە دووەکەی دیکە ماندووتر بووم کە هەردووکیان گەنج بوون ومن ٥٠ ساڵم تەمەن بوو.


پیکاب وەک پێشوو زۆر جار لە جادە ئەسلیەکە لای دەدا و بە لاڕێیان دا دەڕۆیی، ئەو شەوە تا درەنگانێ بەرێگاە بووین، دەوەری سەعات ١٢-١ شەو گەیشتینە شارەدێیەک، پیکابەکە زۆر بەخێرایی لە کووچەو کۆڵانەکان لێ دەهاڵاوە، لە دوورەوە دۆڵمیشێکیان دیت، دووبارە نێوکی ئێمەیان خست، ئاها ئەوە قەرە قۆڵە! پیکاب بە خێرایی چەن کۆڵانی بڕی ولە بەردەرگای ماڵێک ڕاگرت و چراکانی دەس بەجێ کوژاندەوە و کوتی یاڵا دابەزن، ئێمەش دابەزین، هەندێ بە پێ ڕۆیشتن و دوایە لە دەرگای ماڵێکی دا و خاوەن ماڵ دەس بجێ دەرگای لێ کردینەوە و خۆمان بە خێرایی بە ژووری ماڵەکە داکرد کە چڕاکانی کوژاندبۆوە، شۆفیرەکە دیار بوو زۆر زیرەک بوو، پیکابەکەی زۆر لەو کاتر و لەبەر دەرکی ماڵی دیکە راگرتبوو تا ئەگەر بەدوامانەوە بوون شوێنی ئێمە نەدۆزنەوە، ئیدی هەر کەسەو لە ئاستە خۆی لە دیوەکە بەلا داهات، خاوەن ماڵ پارووە نانێکی بۆ هێناین وکوتی بنوون و بەیانی دەبێ بڕۆن وەدووی کاری خۆتان کەون، ئێرە وان ە و ئێوە گەیشتوونە جێگای خۆتان.

 

بەیانی لە خەو هەستاین، ئیسترێس و نیگەرانی هەموو مێشکی داگرتبووین، من ژمارە تەلەیفوونێکی دۆستانم پێ بوو بە کابرای خاون ماڵم کوت ئەو ژمارەیەم بۆ بگرە تکایە، ژمارەی بۆ گرتم، نازانم سولەیمانن جافی یان یەکی دیکە بوو، قسەم دەگەڵ کرد و کوتم من ئەوا لێرەم تکایە یارمەتیم بدەن تا خۆم بگەینمەUN, لەوێ قەرارمان دانا کە لە ئیدارەی تەلەیفوون وتلگراف یەکتر بینین، هاوڕێیەک هاتبوو بەدوامدا و لەوێرا بە هەزازر ترس و لەرز خۆمان گەیاندە لای دۆستان، ئەز قەزا شەنبە بوو وUNداخرا بوو، لەبیرم دێ ئەو ڕۆژە لە هەموو کات نیگەران تر بووم دەمکوت ئەو هەمووە چەرمەسەریەم دیوە بۆ بەدشانسیان لێرە نەمان گرن و بمانهێننەوە سەر خاڵی سفر.


ڕۆژی دووشەمە داهات و چووم بۆUNو خۆم تەسلیم بە ئەوان کرد و ئەوجار چارەرەشی و کوێرەوەری بە جورێکی دیکە دەستی پێکرد.

 

 

ئەم بابەتە لە حەوت بەشدا لە دیواری فەیس بووکی نووسەر بڵاو کراوەتەوە

 

 

 

 

 

 

ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی = فێبریوێری ٢٠٢٢ی زایینی